گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە جەختی لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان لە کەرتی غەززە بەبێ هیچ مەرجێک کردەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل هیچ رێککەوتنێک قبووڵ ناکات کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بسەپێنرێت.

ساعر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، حەماس هەوڵدەدات مەرجگەلێک بسەپێنێت کە مانەوەی لە دەسەڵاتدا لە کەرتی غەززە مسۆگەر بکات، ئەمەش شتێکە کە ئیسرائیل بە توندی رەتیدەکاتەوە. ناوبراو وتیشی، ئیسرائیل هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان دەدات و پێی باشە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بگاتە چارەسەر.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هەوڵێکی ئەمریکی بۆ داڕشتنی دیدگایەک بۆ قۆناغی دوای شەڕ لە غەززە لە ئارادایە و جەختی کردەوە کە ئیسرائیل ئەم دۆسیەیە بە وردی لەگەڵ واشنتۆن تاوتوێ دەکات. هەروەها دووپاتیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەنیازە بەهێزەوە دەستوەردان بکات بۆ کەمکردنەوەی کارەساتی مرۆیی لە غەززە و هەماهەنگیی بەردەوام لەمبارەیەوە هەیە.

لەلایەکی ترەوە، ساعر رەخنەی لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی رۆژئاوایی وەک فەرەنسا، کەنەدا و بەریتانیا گرت و ئەو رێوشوێنانەی کە بەرامبەر بە ئیسرائیل گرتوویانەتەبەر، بە "خەڵاتێک بۆ حەماس" ناوبرد کە دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی شەڕەکە لەبری کۆتاییهێنان پێی. داوای لەو وڵاتانە کرد کە لە دەرەنجامی کارەکانیان تێبگەن و وتی، ئەوەی کردوویانە پشتگیرییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ حەماس.

ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە دیاردەی رفاندنی هاوڵاتیانی سڤیل کردەوە و بزووتنەوەی حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوڵاتییە مەدەنییەکانی فەڵەستین دەترسێنێت و وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاریاندەهێنێت.

لە کۆتاییدا، ساعر دووپاتیکردەوە کە هیچ شوێنێک بۆ حەماس لە داهاتووی کەرتی غەززەدا نییە، مەگەر چەکەکانیان دابنێن و دەستبەرداری ڕێبازە چەکدارییەکەیان ببن.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتێکدا دێت؛ کە حەماس بەردەوام رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری چەکەکانی ببێت.