تادێت فشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران زیاتر دەبن بۆ دەستپێكردنەوەی دانووستانە ئەتۆمییەكان و ئەمریكاش هەڕەشەی توند لەو وڵاتە دەكات لە ئەگەری دەستپێنەكردنەوەی دانووستانەكان بەمنزیكانە.

چەند سەرچاوەیەك لە ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ میدیا جیهانییەكان ئاشكرایانكردووە، فشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران چڕكراونەتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانووستانە ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام تائێستا ئێران هەنگاوی بۆ ئەو مەبەستە نەناوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئێران درێژەپێدانی ماوەی دەستپێنەكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی قۆستووەتەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو وێستگە ئەتۆمییانەی لە شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل زیانی بەرچاویان بەركەوتەوە و دەیەوێت بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی موشەك لە وڵاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێش شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل.

ئەو سەرچاوانە ئاشكراشیانكردووە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا یەكێتی ئەوروپا زنجیرەیەك سزای ئابووری تر بەسەر ئێرندا دەسەپێنێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ قایلكردنی چین بە نەكڕینی نەوت لە ئێران، بۆئەوەی فشاری زیاتر لەسەر ئێران دروستبكرێت بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی دانووستانە ئەتۆمییەكان، ئەمریكاش هەڕەشەی توندتر لە جەنگی لە ئێران كردووە، ئەگەر دانووستانەكان دەستپێنەكاتەوە.