ترەمپ: فەرمانم کرد دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە نزیک روسیا جێگیر بکرێن
محەمەد رزگار
١ی ئابی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە نزیک روسیا جێگیر بکرێت، هۆکارەکەی بۆ لێدوانەکانی توندەکانی مێدڤێدێڤ دەگەڕێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس لە پۆستێکدا رایگەیاند: فەرمانم کردووە دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە نزیک ناوچە گونجاوەکانی روسیا جێگیر بکرێن دەشڵێت، دەرکردنی ئەو فەرمانە وەک وەڵامێکە بۆ قسە و هەڕەشەکانی دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا.
وتیشی، قسە و لێدوانەکان زۆر گرنگن و هەندێک جار دەرئەنجامی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، بۆیە هیوادارم ئەمە یەکێک نەبێت لەو نمونانە.
ترەمپ لە کۆتایی پۆستەکەیدا نوسیویەتی، سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە!
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ کە چەند رۆژێکی بۆ راگرتنی جەنگ لە ئۆکراین دیاریکردووە و ئەوەشی خستبووەڕوو، سزای زیاتر بەسەر روسیا دەسەپەنێت ئەگەر جەنگ رانەگرن.
مێدڤێدێڤ لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا دایەوە و رایگەیاندبوو: هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی نوێ هەڕەشەیە و هەنگاوێکە بەرەو شەڕ، نەک لە نێوان روسیا و ئۆکراین، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردبوو روسیا، ئیسرائیل و ئێران نییە، وەک چۆن لە مانگی ئازاری رابردوو جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا رویدا و لەو ماوەیەدا ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل کرد و هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد.