ئەمریکا  کار لەسەر پلانێک دەکات خۆراک بۆ خەڵکی غەززە دابین بکات، هەروەها حەماس تاوانبار دەکات بە دزینی هاوکارییەکان.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، دەیانەوێت یارمەتی خەڵکی غەززە بدەن و خۆراکیان بۆ دابین بکەن، هەروەها ئەم کارە دەبوایە ماوەیەک لەمەوپێش ئەنجامبدرایە.

وتیشی، سەبارەت بە راپۆرتەکانی برسێتی لەغەززە نیگەرانین، بەڵام حەماس هاوکارییەکان دەدزێت و لەغەززە دەیفرۆشێتەوە.

ترەمپ باسی لە نێردەی خۆی ستیڤ ویتکۆف کرد و وتی "کارێکی گەورە دەکات".

هاوکات ئەمڕۆ، ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا و باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل سەردانی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکانیان کرد لە کەرتی غەززە، کە لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززە بەڕێوەدەبرێن و رێکخراوێکی پاڵپشتی ئەمریکا و ئیسرائیلیە.