هۆڵک هۆگن، ئەفسانەی دیاری جیهانی زۆرانبازی، لە تەمەنی 71ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.  بەپێی زانیارییەکان، هۆگن بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کلیەر واتەری ویلایەتی فلۆریدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە.

تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هۆگن بە ئەمبوڵانس گواستراوەتەوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی بێسوود بوون.

کۆچی دوایی هۆگن لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەسەر ناجێگیری باری تەندروستی بڵاوبووەوە، بەڵام چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، هاوسەرەکەی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردبووەوە کە گوایە هۆگن لەکۆمادایە و رایگەیاندبوو کە دڵی "بەهێزە" و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە دوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک. مانگی پێشتریش، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە هۆگن "لەسەرە مەرگدایە"، بەڵام ئەو کاتە راگەیەنرا کە تەنها کاریگەرییەکانی نەشتەرگەرییەکی ملی لەسەرە کە لە مانگی ئایاردا ئەنجامی دابوو.

هۆڵک هۆگن، کە ناوی راستەقینەی تێری جین بۆلێیە، بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووی زۆرانبازی دادەنرێت. ئەو توانی زۆرانبازی لە وەرزشێکی ئاساییەوە بگۆڕێت بۆ نمایشێکی کات بەسەربردنی خێزانی و بینەرێکی فراوانی بۆ رابکێشێت.

لە ساڵی1996، هۆگن شۆڕشێکی لە کارەکتەری خۆیدا کرد و لە پاڵەوانەوە بوو بە کارەکتەری خراپەکار، کاتێک گروپی بەناوبانگی (nWo - New World Order)ی دامەزراند و ناوبانگێکی جیهانی زیاتری بۆ خۆیی و وەرزشەکەش بەدەستهێنا.

هۆگن لە ساڵی 2005 ناوی خرایە هۆڵی ناودارانی WWE، بەڵام لە ساڵی 2015 بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی دەنگی کە تێیدا قسەی رەگەزپەرستانەی دەکرد، ناوی سڕدرایەوە. پاشان لە ساڵی2020دا بۆ جارێکی دیکە وەک ئەندامێکی گروپی nWo خرایەوە نێو هۆڵی ناوداران.

جگە لە زۆرانبازی، هۆگن بەشداری لە چەندین فیلمی سینەماییدا کردووە، دیارترینیان ڕۆڵی "سەندەرلیپس" بوو لە فیلمی "ڕۆکی  3" لە ساڵی 1982.هەروەها ئەستێرەی پڕۆگرامی تەلەفزیۆنی واقیعی "Hogan Knows Best" بوو لەگەڵ خێزانەکەیدا.

جێی ئاماژەیە، هۆگن بەهۆی ئەو پێکانە زۆرانەی لە ژیانی وەرزشیدا تووشی ببوو، دەیان نەشتەرگەری ئەنجامدابوو. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "هیچ پارچەیەکی ئەسڵی لە جەستەیدا نەماوەتەوە".

دواین چالاکی هۆگن، دامەزراندنی خولێکی زۆرانبازی ئاماتۆر بوو بە ناوی "Real American Freestyle"، کە بڕیارە یەکەم نمایشی لە 30ی ئابی ئەمساڵدا لەسەر "فۆکس نێیشن" پەخش بکرێت.