بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاریدا وەفدی دانوستانکاری وڵاتەکەی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بانگهێشت بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس داواکاری نوێی لە وەڵامی دوایین پێشنیازی ئاگربەست و رێککەوتنی دیلەکاندا خستەڕوو.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، بڕیاری بانگهێشتکردنەوەکە بە مەبەستی "هێنانەکایەی گۆڕانکاری" لە دانوستانەکان و دروستکردنی فشاری زیاترە لەسەر حەماس بۆ ئەوەی بە پێشنیازەکە ڕازی بێت. هەروەها جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان "دانەخراون"، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی وەستانێکی درێژخایەنی دانوستانەکان یان نا.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار، کێشەی سەرەکی لەسەر داوای حەماسە بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو دیلە فەڵەستینیانەی کە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانیاندا ئازاد دەکرێن.

حەماس داوایکردووە 200 فەڵەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان هەیە ئازادبکرێن لەبری 125 کەس، هەروەها 2000 دیلی فەڵەستینی کە دوای 7ـی ئۆکتۆبەر لە غەززە دەستگیرکراون ئازاد بکرێن لەبری 1200 کەس کە لە پێشنیازەکەدا هاتبوو.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە هەفتەیەک پێش ئێستا، نێوەندگیرانی قەتەری و میسری پێشنیازێکی نوێکراوەیان پێشکەش بە هەردوو لا کردبوو. ئیسرائیل پێشنیازەکەی قبوڵکرد، بەڵام وەڵامەکەی حەماس کە رۆژی سێشەممە پێشکەشی کرد، بەپێی وتەی سێ سەرچاوەی ئاگادار، لەلایەن نێوەندگیرانەوە بە ناتەواو دانرا و رەتیانکردەوە بیگەیەننە ئیسرائیلییەکان.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، حەماس وەڵامێکی نوێ و وردتری پێشکەشکرد، کە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن لەوەی پێشوو باشترە، بەڵام هێشتا ناکۆکی گەورەی لەنێوان هەردوولادا هەیە.

لە وەڵامدا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی-یان راگەیاندووە کە داواکارییەکانی حەماس "قبوڵکراو نین". سەرەڕای ئەمەش، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە کە لەوانەیە ئەمە هەڵوێستی سەرەتایی حەماس بێت لە دانوستانەکاندا و هەڵوێستی کۆتایی نەبێت.