چین گەورەترین بەنداوی کارۆئاوی لە جیهاندا دروست دەکات و بەنداوەکە لە توانایدا ساڵانە 300 ملیۆن مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت.

لی چیانگ، سەرۆک وەزیرانی چین رایگەیاند، دروستکردنی گەورەترین بەنداوی کارۆئاویی لە جیهاندا دەستیپێکردووە و بە "پرۆژەی سەدە" ناوی بردووە.

ئامەژەی بەوەشکردووە، بەنداوەکە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای وڵاتەکەی ، کە تێچووەکەی زیاتر لە 165 ملیار دۆلارە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی رەسمی چین 'شینخوا' ئاشکرایکردووە، پڕۆژەکە دەکەوێتە خواروی روباری یارلونگ تسانگپۆ و لە پێنج وێستگەی کارۆئاویی لەسەریەک پێکدێت.

ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئەو وڵاتە، پێشبینی دەکات ئەو وێستگانە ساڵانە نزیکەی 300 ملیۆن مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنن.

هەروەها رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەم پڕۆژەیە نیگەرانی لە بەنگلادیش و هیندستان دروست دەکات، بەو پێیەی لەسەر روباری یارلونگ تسانگپۆ دروست دەکرێت کە بە  ئەو دوو وڵاتدا تێدەپەڕێت.

جێگەی ئاماژەیە، بەنداوی سێ گەرووی چین کە لە ئێستادا گەورەترین بەنداوی کارۆئاوییە لە جیهاندا، نزیکەی 35 ملیار دۆلاری تێچووە بۆ دروستکردنی و ساڵانە 88.2 ملیۆن مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.