بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی گەشتیاری لە ڤێتنام 38 کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە بێسەروشوێنن، کە چەندین منداڵیان لەناودایە.

حکومەتی ڤێتنام رایگەیاند، بەلەمە گەشتیارییەکە 53 کەسی لەسەر بووە، کە 48یان گەشتیار و پێنج کەسی دیکەیان سەر بە ستافی کەشتیوانی بوون، بەلەمەکە لە کەنداوی هالۆنگ لە ڤێتنام وەرگەڕاوە.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان 38 کەس گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسی دیکە رزگار کراون، بەڵام هێشتا  پێنج کەس بێسەروشوێنن.

ئەم روداوە بە گەورەترین روداوی لەو جۆرە دادەنرێت لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ناوچەیەکی گەشتیاری بەناوبانگی ڤێتنام.

ئاژانسی رەسمی هەواڵی ڤێتنامی رایگەیاندووە، سەرجەم گەشتیارەکان خەڵکی ڤێتنام بوون و لەناو گەشتیارەکانیشدا چەندین منداڵ بوونیان هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی لەسەر روداوەکە بڵاوکراوەتەوە، هۆکاری وەرگەڕانی کەشتییەکە بوونی بایەکی بەهێز و ناجێگیری کەشوهەوا بووە کە بە گەردەلولی وێبا ناسراوە، تەنانەت بە جۆرێک ئەوەندەی نەماوە تیمەکانی فریاگوزاریش نوقمی دەریا ببن، هەر ئەو ناجێگیرییە لە کەشوهەواشدا گرفتی بۆ تیمەکان دروست کردووە و کارەکانی خاو کردووەتەوە.

گەردولەلی وێبا، سێیەم گەردەلولە لەمساڵدا کە لە دەریای چینی باشوور هەڵی کردووە و لەم هەفتەیەشدا درێژ بووەوە بۆ کەناراوەکانی باکوری ڤێتنام.