لۆس ئەنجلس.. تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی پۆلیسدا سێ کوژراوی لێکەوتەوە
راهۆز
١٨ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی مەشقی هێزەکانی پۆلیسی لۆس ئەنجلس، لانیکەم سێ ئەفسەری پۆلیس گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناوچەی لۆس ئەنجلس (LASD) رایگەیاند، تەقینەوەکە کاتژمێر7:30 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لە بنکەی مەشقی "بیسکایلوز" لەرۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلس رویداوە، کە بنکەی نووسینگەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانیشە.
سەرچاوەکان لەناو دەزگای پۆلیسەوە بە فۆکس نیوزیان وتووە کە ناسنامەی ئەفسەرە کوژراوەکان هێشتا بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە.
هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە تەقینەوەکە بەشێک نەبووە لە هیچ مەشقێکی پێشتر داڕێژراو. وا دیارە روداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ئەفسەرەکان خەریکی گواستنەوەی کەرەستەی تەقەمەنی بوون لەناو بنکەکەدا.
لێکۆڵەرانی پۆلیسی فیدراڵی (FBI) و نووسینگەی چەک و تەقەمەنی (ATF) گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و یارمەتیی لێکۆڵینەوەکان دەدەن بۆ زانینی هۆکاری تەقینەوەکە.
تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوانە قورسەکان (Homicide) لە شوێنی روداوەکەن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. هێشتا رون نییە کە ئایا تەقینەوەکە لەناو ئۆتۆمبێلی تایبەت بە پوچەڵکردنەوەی بۆمبدا رویداوە یان لە دەرەوەی.