فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەمڕۆ هەینی داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، کە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە مسۆگەر بکات.

وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند کە مێرتس ئەمڕۆ هەینی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ ئەنجامداوە و تێیدا "هیوای خواستووە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی خێرا" لە کەرتی غەززە.

وتەبێژەکە هەروەها وتی، "فرێدریش مێرتس جەختی لە پێویستیی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە بەپەلەکان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە بە شێوەیەکی سەلامەت و لە بارودۆخێکی گونجاودا کردەوە،" لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیی "چەککردنی" حەماسی دووپاتکردەوە.

هەروەها رونیکردەوە کە راوێژکاری ئەڵمانیا "پێداگریشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هیچ هەنگاوێک بەرەو لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە نەگیرێتەبەر."

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی 13ی ئیسرائیلی رۆژی هەینی لە زاری نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکانەوە گواستیەوە کە ئیسرائیل و حەماس لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەست نزیکبوونەتەوە.

ئادەم بولەر، نێردەی ئەمریکا وتی: "ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکین. ئەگەر ئێستا ڕوونەدات، ئەوا هۆکارەکەی کەلـلەڕەقی حەماس دەبێت."

ناوبراو گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لە ماوەیەکی نزیکدا و وتیشی: "ئەمە ئەگەری رودانی هەیە، هیچ کاتێک لە ئێستا باشتر نەبووە. ناتانیاهۆ دژی ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لە ناوخۆدا پێبەخشی، کاتێک هێزت هەبوو، ئەوە باشترین کاتە بۆ ئەوەی هەنگاوێک بنێیت."