ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، لە وەڵامی لێدوانێکی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، قسەکانی بۆریس پیستۆریۆس سەبارەت بە ئامادەییان بۆ کوشتنی سەربازانی روس، نیشانەی ئەوەیە کە ناتۆ "شێت بووە".

زاخارۆڤا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "ئەوان بە راستی شێت بوون، کام ئەندامی ناتۆ هێرش دەکاتە سەر ڕوسیا؟ بەڵکو ئەندامانی ناتۆ لە دۆخ و پێکهاتەی پێشوویاندا ئەوان بوون کە هێرشیان کردە سەر وڵاتەکەمان."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا جەختی کردەوە کە چەندین جار لە بەرزترین ئاستەوە بە پیستۆریۆس و هاوشێوەکانی وتراوە کە "روسیا هێرش ناکاتە سەر وڵاتانی ناتۆ."

لێدوانەکەی زاخارۆڤا دوای ئەوە هات کە بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" وتبووی، "ئاشتی تەنها لە روانگەی هێزەوە دەکرێت باسی لێوە بکرێت،" و وتبووی ئەگەر رێگرییەکان سەرکەوتوو نەبن، "روسیا هێرش دەکاتە سەر ناتۆ" و سەربازانی ئەڵمانیاش دەبێت "ئامادەبن بۆ کوشتنی سەربازانی روس."