بە دەستڕێژی گوللـە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو و کەسێکی دیکە بریندار کران.

نێچیرڤان فەخرەدین بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی سەعات 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ دوو بریندار گەیەنراونەتە فریاکەوتنی ئاکرێ کە یەکێکیان تەحسین عیسمەتی بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتووی سەر بە قەزای بەردەڕەشی سنوری پارێزگای دهۆک بوو.

روداوەکە سەعات 8:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رویداوە و بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو لە سەرەی نانکڕێندا بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان شوێنەواری گوللـە بە جەستەیانەوە بووە و تەحسین عیسمەت سێ گوللـەی پێوە بووە.

وتیشی، ئەوەی دیکەشیان کە بریندار بووە کرێکارێک بووە لە نزیک روداوەکە بووە و یەک گوللـەی بەرکەوتووە.

هێشتا هیچ کام لە لایەنە ئەمنییەکان روونکردنەوەی رەسمیان لەسەر روداوەکە بڵاونکردووەتەوە.