حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: بڕیارمان داوە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدایە تایبەت بە موچەی موچەخۆران و پابەندییەکانی هەرێم.

حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا تاوتوێی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و رێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەوەش هاتووە، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران، وردەکاریی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغداد تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو و ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لێکتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران "بە توندترین شێوە"، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی شەرمەزار کرد، زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان.

داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.