ئێران دەستبەسەردا گرتنی كەشتییەكی لە كەنداوی عومان راگەیاند
شنیار
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئێران دەستبەسەردا گرتنی كەشتییەكی لە كەنداوی عومان راگەیاند كە گومان دەكرێت دوو ملیۆن لیتر سوتەمەنی بە قاچاغ گواستبێتەوە .
موجتەبا قەهرەمانی سەرۆكی دادگای پارێزگای هورمزگانی ئێرانی رایگەیاندووە ، لە دوای ئەوەی لە رێی چاودێری بەردەوامەوە چەندین هەوڵ بۆ بە قاچاغ بردنی سوتەمەنی بە درێژایی سنوری دەریایی ئێران لە كەنداوی عومان ئاشكراكراوە، لایەنەكانی جێبەجێكردنی یاسا پشكنینیان لە كەشتییەكی نەوت هەڵگری بیانیدا كردوە و بەهۆی ئەوەی بەڵگەنامەی یاسایی پێویستی پێنەبووە ، لە ئێستادا دەست بەسەر كەشتییەكەدا گیراوە كە دوو ملیۆن لیتر سوتەمەنی هەڵگرتوە و گومان دەكرێت بە قاچاغ گواستبێتیەوە، هەروەها 17 كەس كە تیمی كەشتییەكە بون دەستگیركراون.
ئەو لێپرسراوە ئێرانییە ئاشكرای نەكردوە كەشتییەكە لە چی وڵاتێكەوە هاتوە و بەرەو كوێ چوە و لە ئێستاشدا لیكۆڵینەوەكان بەردەوامن .