وەزیری ناوخۆی بەریتانیا: لەگەڵ عیراق لە قۆناغی كۆتاییداین بۆ دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئاشكرایدەكات، لەگەڵ عیراق لە قۆناغی كۆتاییداین بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرە كورد و عیراقیەكان.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی سەندەی تایمز، بەریتانیا دەیەوێت بەخێرایی ئەو كۆچبەرە عیراقی و كوردانە دیپۆرت بكاتەوە كە دەگەنە بەریتانیا یاخوود مافی مانەوەیان نییە.
لای خۆیەوە ئیڤێت كوپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، لەگەڵ عیراق لە قۆناغی كۆتاییداین بۆ دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرانە.
رۆژنامەكە دەڵێت، بەریتانیا پێیوایە كۆچبەرە كوردەكان لەناو تۆڕەكانی قاچاخچێتی كۆچبەراندا زاڵبوون.
لە ماوەی رابردوودا دەزگای تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا شانبەشانی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان چەند ئۆپراسیۆنێكیان بۆ دەستگیركردنی ژمارەیەك قاچاخچی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا.
هەفتەی رابردوو بەریتانیا و فەرەنسا رێككەوتنێكی نوێیان بۆ دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرانە ئیمزا كرد كە لە كەناڵی ئینگلیزەوە دەگەنە بەریتانیا.