سوڕانەوەی زەوی خێراتر بووە و ئەگەری هەیە سیستمی پەیوەندیی جیهان لەکار بخات
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥
چاوەڕوان دەکرێت هاوینی ئەمساڵ کورتترین رۆژەکان بەخۆیەوە ببینێت، ئەویش بەهۆی خێرابوونی چاوەڕواننەکراوی سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا. زاناکانیش پێیان وایە، ئەگەر خێرایی هەسارەی زەوی زیاتر بێت، چەندین کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، بە پشتبەستن بە زانیاریی ناوەندی نێودەوڵەتیی سیستمی خولانەوەی زەوی، رۆژی 22ـی تەمووز زەوی نزیکەی 1.38 میلی چرکە بەراورد بە رۆژانی دیکەی ساڵەکە خێراتر دەسوڕێتەوە و لە رۆژی 5ـی ئابیشدا خێراییەکەی نزیکەی1.51 میلی چرکە زیاد دەکات، بەڵام مرۆڤ هەست بەو گۆڕانکارییە ناکات، چونکە ماوەی چاوتروکاندنێک 100 میلی چرکەیە.
ئاماژە بەوە کراوە، ئەم خێراییە کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر ژیان و هەسارەکەمان نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگە دەستکردەکان خولگەی دیاریکراوی خۆیان هەیە و لە بۆشاییدا پشت بە سوڕانەوەی زەوی دەبەستن، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە، پێشبینی دەکرێت سیستمی پەیوەندی و "جی پی ئێس" و تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان لە جیهاندا پەکیان بکەوێت.