ئەمڕۆ پرۆسەی لەناوبردنی چەکی بەشێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە بەڕێوەدەچێت و لە قەزای دوکان و قەندیلیشەوە نوێنەری لایەنەکان ئامادەن و چاودێری پرۆسەکە دەکەن.

ئەشکەوتی جاسەنە بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژووی شۆڕشی کورد، کە بە دووری 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سلێمانی لە ناحیەی سورداش، بە دیاریکراوی دەکەوێتە پشت گوندی کانی خان لە دامێنی بەرزایی نەبی ئاغا لە شاخی سارا.

ئەشکەوتەکە دەروازەیەکی سێگۆشەیی هەیە، درێژییەکەی 40 مەتر و پانییەکەی نۆ مەترە، هەروەها حەوت مەتر بەرزە و لە بەشی ناوەوەی لە دوو ژوور پێکدێت.

 

یەکەم رۆژنامەی شاخ و ئەشکەوتی جاسەنە

جاسەنە پێشتر بەکارهێنانێکی ئاسایی هەبووە، بەڵام بەگوێرەی کات و سەردەمەکان بەکارهێنانەکەی گۆڕاوە، بە جۆرێک لە ساڵی 1923 یەکەم رۆژنامەی شاخ لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردیدا لەو ئەشکەوتەوە دەرکراوە بە ناوی "بانگی حەق".

لە سەردەمی شۆڕشی شێخ مەحموددا ئەشکەوتەکەی وەک پەناگە بەکارهێنا و سێ ژمارەی لە بانگی حەق بڵاوکردەوە.

لە شۆڕشی نوێشدا پێشمەرگە ئەشکەوتەکەی وەک پەناگەیەکی گرنگ دژ بە حزبی بەعسی دیکتاتۆر بەکارهێناوە.

ئێستاش ئەشکەوتەکە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی لێی دەڕوانرێت و بەردەوام رێکخراوەکان سەردانی دەکەن و ساڵانەش خوێندنگەکان گەشتی زانستیی بۆ خوێندکاران رێکدەخەن بەمەبەستی پێناساندنی ئەشکەوتەکە بە نەوەکانی داهاتووی کوردستان.