ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێیان بە ئامانجی رێگریکردن لە کۆچبەران بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز ئەنجام دا و باسیشیان لە سەپاندنی سزای زیاترکرد بەسەر روسیادا، هاوکات ماکرۆن؛ "چارەسەری دوو دەوڵەتیی بە تاکە هیوای ئاشتی" ناوبرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی راپۆرتی BBC، ئەم رێککەوتنە نوێیە لە ئەنجامی دانیشتنەکانی ئەمڕۆ هاتووەتە ئاراوە و ئامانجی سەرەکی رێگریکردنە لە دەیان هەزار کۆچبەر کە بە بەلەمی بچووکەوە هەوڵی پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز دەدەن.

جێگەی تێبینیە کە ئەم سەردانەی ماکرۆن بۆ لەندەن کە سێ رۆژی خایاند، یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەوروپایی بووە بۆ بەریتانیا دوای دەرچوونی ئەم وڵاتە لە یەکێتیی ئەوروپا.

ئامارەکان رونی دەکەنەوە کە تا ئەم ساتەی ئەمساڵ، زیاتر لە 20 هەزار کەس لەو رێگەیەوە گەشتیانکردووە، ئەمەش نیگەرانی زۆری بۆ هەردوو لایەن دروستکردووە.

کییەر ستارمەر لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “لەگەڵ فەرەنسا دەبێت هێز و سەرکردایەتی بەکاربهێنین بۆ رووبەروو بوونەوەی ئاستەنگەکانی کۆچی نایاسایی”.

هەروەها وتیشی: “هەمومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە دۆخی کەناڵی ئینگلیز ناتوانێت وەک ئەوەی هەیە بەردەوام بێت، بۆیە ئێمە تاکتیکی نوێ دەهێنینە گۆڕەپانەکەوە و مەبەستێکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و شکاندنی مۆدێلی بازرگانی باندە تاوانبارەکان جێبەجێدەکەین”.

دەربارەی کۆچبەران و باندە تاوانبارەکان:

زۆرێک لەو کۆچبەرانەی کە ڤیزا و مۆڵەتیان نییە و لە رێگەی دەریاوە لە فەڕەنسا بەجێدەهێڵن، هەوڵدەدەن بە بەلەمی بچووک بپەڕنەوە بۆ بریتانیا. ئەوان زۆرجار بڕێکی زۆر لە پارە دەدەن بەو باندە تاوانبارانەی کە بەلەمەکان لە باکووری فەرەنسا رێکدەخەن و دەیانگوازنەوە بۆ بریتانیا.

وردەکاریەکانی رێککەوتنە نوێیەکە:

بەپێی ڕێککەوتنی نوێ:

- فەڕەنسا رازی دەبێت بە وەرگرتنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە پەڕینەوەیان بۆ بریتانیا رەتدەکرێتەوە و ناتوانن پەیوەندی خێزانییان لەگەڵ بریتانیا بسەلمێنن.
- بریتانیا مافی پەنابەری دەداتە یەک کۆچبەر لە فەڕەنسا کە بتوانێت پەیوەندی خێزانی بە بریتانیاوە بسەلمێنێت.

ئەم هەنگاوە هاوبەشە ئامانجی لە کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی و گرتنی باندە تاوانبارەکانە کە لەم بازرگانیەدا  بەشداری دەکەن.