دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل رەتیدەكاتەوە ئێران پێش هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی توانیبێتی یۆرانیۆمی پیتێنراو بگوازێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێكی باڵای دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە بارەی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بڵاویكردەوە، زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەكەن كە یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی ئێران لە دامەزراوەكانی فۆردۆ و ناتانز و ئەسفەهان پێش هێرشەكانی ئەمریكا نەگوازراوەتەوە.

رۆیتەرز راشیگەیاندوە، پێشتریش نیكۆلاس لێرنەر، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری دەرەكی فەرەنسا دووپاتیكردوەتەوە كە پاریسیش زانیاری دروستی دەستكەوتوە كە شوێنی هەڵگرتنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی ئێران بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكاوە زیانی زۆری بەركەوتووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چەند جارێكی تەئكیدی لەسەر ئەوەكردووەتەوە كە زیانی زۆریان بە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران گەیاندووە، دواتریش عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دانی بەوەدانا كە بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكاوە زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی گەیشتووە.