دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی كۆبوونەوە و ترەمپ وتی، حەماس ئاگربەستی دەوێت و دەرفەتیش هەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی.

ترەمپ لەو كۆبوونەوەیەدا رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستی لە غەززە دەوێت و دەرفەتیش لە بەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی.

لەبارەی گواستنەوەی فەلەستینییەكانیش لە كەرتی غەززە وتی، وڵاتانی دراوسێی ئیسرائیل هەماهەنگی باش لەو بارەیەوە دەكەن، لەسەر ئەگەری چارەسەری دوو دەوڵەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە نازانم وەڵامی دایەوە. 

ناتانیاهۆش وتی، ئەگەری بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، لەگەڵ ئەمریكاش كار دەكەن بۆ دۆزینەوەی ئەو وڵاتانەی داهاتوویەكی باشتر بۆ فەلەستینییەكان بنیات دەنێن، وتیشی، نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتن لە غەززە.