د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە موسەنا سەمەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دروستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیری هەڵبژاردن، کە بەشداریی فراوانی دەنگدەران مسۆگەر بکات.

لە میانەی دیدارەکەدا کە رۆژی شەممە 5-7-2025 لە بەغداد بەڕێوەچوو، دوایین پێشهاتی سیاسیی وڵات و گرنگی هەوڵە نیشتمانییەکان لەم قۆناغە تایبەتەدا بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیری هەڵبژاردن، کە بەشداریی فراوانی دەنگدەران مسۆگەر بکات و متمانە بە پرۆسەی دیموکراسی بچەسپێنێت.

لای خۆیەوە موسەنا سەمەڕائی پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پێداگری لەسەر پابەندبوونی هاوپەیمانی عەزم بە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری و بەهێزکردنی هەنگاوی هاوبەشی نیشتمانی دووپاتکردەوە.