ئیران: بونیادنانەوەی ئەو شوێنانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە رووخاون دوو ساڵی پێویستە
٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
شارەوانی تاران رایگەیاند زیانەكانی هێرشەكانی ئیسرائیل زۆرن و لانیكەم دوو ساڵ پێویستە بۆ دروستكردنەوەی ئەو بینا و باڵاخانانەی كە كراونەتە ئامانج.
عەلی رەزا زاكانی، سەرۆكی شارەوانیی تاران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند 18 بۆ 24 مانگ كات پێویستە بۆ سەر لەنوێ دروستكردنەوەی ئەو بینا و شوێنانەی كە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر پایتەخت روخاون.
وتیشی: پێشنیار كراوە كە هەر كەسێك لە تاران زیان بە خانوەكەی گەیشتوە بڕی هەشت ملیۆن تمەن كە دەكاتە نزیكەی 100 دۆلار بۆ هەر مەترێك تەرخان بكرێت.
زاكانی ئاماژەی بەوە كردوە، كە زیاتر لە 200 خێزان شوێنی نیشتەجێبونیان لەدەستداوە و شوێنی نیشتەجێبونی كاتیش بۆ 200 خێزانی تر دابین ئامادەكراوە.
بە پێی ئامارەكان لە هێرشەكانی ئیسرائیل سێ هەزار و 600 یەكەی نیشتەجێبون زیانیان پێگەیشتوە و 332 باڵاخانەش بە تەواوەتی روخاون.