بەهۆی سیاسەتەكانی ترەمپەوە، زیاتر لە 14 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهاندا هەڕەشەی مردنیان لەسەرە، یەك لەسەر سێی ئەو  ژمارەش منداڵن.

بەپێی توێژینەوەیەك كە لە گۆڤاری بەنێوبانگی "زە لانسێت" بڵاوكراوەتەوە، بڕیارەكانی ترەمپ بۆ راگرتنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان، تا ساڵی 2030 دەبێتەهۆی مردنی زیاتر لە 14 ملیۆن كەس لە چین و توێژە جیاوازەكان كە تاڕادەیەك بە هەژار دادەنرێن.

توێژینەوەكە دەڵێت، بەرنامەی هاوكارییەكەی ئەمریكا كە 133 وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە، رێگربووە لە مردنی 91 ملیۆن كەس لە ماوەی 20 ساڵدا لە 2001وە تا ساڵی 2021.

گۆڤارەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كەمكردنەوەی هاوكارییەكان بەرێژەی 83% دەبێتەهۆی مردنی زیاتر لە 14 ملیۆن كەس كە چوار ملیۆن و 500 هەزاریان منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ دەبن، بەجۆرێك ساڵانە 700 هەزار منداڵ مەترسی مردنیان لەسەرە.

لە 20ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، 92%ی بەرنامەی هاوكاری ئەمریكا بۆ وڵاتان راگیرا كە ساڵانە بڕەكەی نزیكەی 43 ملیار دۆلار بوو.