پۆلیسی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە کەسوکاری ئەو هاووڵاتیە دەکات، کە 10 رۆژ بەر لە ئێستا ئۆتۆمبێل لێیدا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، پەیوەندی بکەن بە بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، هاووڵاتییەکە لە رەگەزی نێرە و تەمەنی لەنێوان 45 بۆ 50 ساڵدا دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسە هیچ جۆرە بەڵگەنامە و ناسنامەیەکی پێ نییە، تەنها ئەوەندە نەبێت چەند تاتۆیەک بە جەستەوەیەتی و نوسراوە "دیلان".

رۆژی 20ی ئەم مانگە پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، هاووڵاتییەک لەبەردەم شەقامی پارێزگای سلێمانیدا ئۆتۆمبێل لێیداوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی پۆلیس تەرمی ئەو کەسە لە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانییە و داواش لە کەسوکاری دەکات پەیوەندی بکەن بە بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە.