سەرۆكی ئۆكراین بڕیارێكی بۆ كشانەوەی وڵاتەكەی لە پەیماننامەی قەدەغەكردنی مین ئیمزاكرد
سەعید سەروەت
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئۆكراین بە ئیمزاكرنی بڕیارێك وڵاتەكەی لە پەیماننامەی قەدەغەكردنی مینی دژەكەسی كشاندەوە.
نوسینگەی سەرۆكایەتی ئۆكراین رایگەیاند، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین بڕیارێكی ئیمزاكردووە بۆ كشانەوەی وڵاتەكەی لە پەیماننامەی ئۆتاوا كە بەرهەمهێنان و كۆگاكردن و بەكارهێنانی مینی دژەكەسی قەدەغە دەكات.
لەوبارەیەوە، ئەندری سیبیها وەزیری دەرەوەی ئۆكراینیش رایگەیاند، پەیماننامەكە ئۆكراینی خستووەتە رەوشێكی نابەرانبەرەوە چونكە وڵاتەكەی سنورداركردووە لە توانای بەرگریلەخۆكردن و پاراستنی سنورەكەی.
لەلایەكی تریشەوە، رۆمان كۆستێنكۆ، سەرۆكی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئۆكراین ئاماژەی بەوەكرد، روسیا بەشێك نییە لە هاوپەیمانێتیەكە و بەشێوەیەكی بەرفراون مین لە دژی سوپای ئۆكراین و هاووڵاتیانی مەدەنی بەكاردەهێنێت.