دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ نرخی هەریەک لە نەوت و زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 5٪ی دابەزی.

دوای 12 رۆژ لە شەڕی بەردەوام لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان، نرخی نەوت و زێڕ بەرز ببووەوە، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتبووە 79 دۆلار، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەرانبەرە بە 67 دۆلار و 91 سەنت.

هاوکات، یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 65 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەبارەی نرخی زێڕیش بەهەمان شێوە نرخەکەی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و ئەمڕۆ سێشەممە، یەک ئۆنسە زێڕ بەرانبەرە بە سێ هەزار و 323 دۆلار.

هەروەها، نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ بەرانبەرە بە 106 هەزار و 849 دۆلار، نرخی یەک گرامیش بە 106 دۆلار و 84 سەنتە. 

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 16ی ئەم مانگەدا و دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر شەڕەکەدا، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی و یەک ئۆنسە بە سێ هەزار و 413 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە کرا.