پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغدا باسی لەوەکرد، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆتایی پێ هات و باس لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەکراوە.

باسی لەوەشكرد، ئەنجومەنی وەزیران ناتوانێت هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە بدات و ئێستا بڕیاری تەواو لای دادگای فیدڕاڵییە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە یان دووشەممەی هەفتە داهاتوو دادگای فیدڕاڵی دانیشتن لەبارەی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە ئەنجام بدات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 12ی حوزەیرانە، بەڵام هێشتا موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە و موچەی مانگی نیسانیان لە کۆتایی مانگی رابروودا وەرگرت.

لە ئێستاشدا بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق، حکومەتی عیراق داوای کردووە هەرێم هیچ وەفدێک نەنێرێت تایبەت بە پرسی موچەی موچەخۆران تائەوکاتەی بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەبن.