مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتی کردەوە کە پێکهێنانی وەفدی یەکگرتووی کوردی هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە؛ "پێکهێنانی وەفدی یەکگرتووی کورد لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازاردا دەبێت، کە تێیدا چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد بەدەستور لە سوریایەکی یەکگرتوودا دوپات دەکاتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "ئێمە پێمان وایە داننان بە مافی هەموو پێکهاتەکان بناغەی بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراس و دادپەروەرە کە هەمووان بتوانن بەشداری تێدا بکەن".
هەردوو وەفدەکە، وەفدی نوێنەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و وەفدی یەکگرتووی کورد، نوێنەرایەتی پرۆسەیەکی یەکگرتوو دەکەن، کە پابەندبوونمان بە دیالۆگی نیشتمانی وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بەرەو ئایندەیەک کە بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی بەرجەستە دەکات.
رۆژی 01-06-2025 لە دیمەشق، وەفدەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سوریا بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەی 10ـی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبوونەوە و وابڕیارە بەمزوانە جارێکیتر لە سوریا کۆببنەوە بۆ تەواوکردن و بەرەو پێشخستنی رێککەوتنەکە.