عراقچی: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم هی گەلی ئێرانە و بەردەوام دەبین
رەوەز
٣١ی ئایاری ٢٠٢٥
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ پابەندین بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم کە پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ وڵاتەکەمان و کەس مافی ئەوەی نییە گەلی ئێران لە مافەکانیان بێبەش بکەن".
وەزیری دەرەوەی ئێران رونی کردەوە کە هەڵوێستی ئێران لەسەر پرسی ناوەکی بە تەواوی رونە و وتی: "ئەگەر باسی چەکی ناوکی بێت، بەڵێ لە روانگەی ئێمەوە پەیوەندیدارە و ئێمە خۆمان خاوەن دروشمی رەتکردنەوەی چەکی ناوەکی بووین و هەرواشدەبین."
عراقچی خۆی و کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی وەک "سەربازانی ئیمام خومەینی" ناساند و وتی: "ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە سەربازی دڵسۆزی ئیمام و رابەر بمێنینەوە." و وەک "دارێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئێران" ناوی هێنا.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد: "لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا لە یەکەم بڕگەدا هاتووە کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی، سیستەمێکە لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی ستەمکاری و زاڵبون بەسەریدا دامەزراوە".
عراقچی وتیشی کە لە گفتوگۆکانی ئێستادا، رەتکردنەوەی خۆ زاڵکردن بەسەر ئێراندا ئامانجی سەرەکیمانە و بەردەوام دەبین لەمە.
ئەم وتانەی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئێران، بە نێوەندگیری عومان لە دانوستاندان بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی.