ئامانج رەحیم: بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت موچەی دامەزراوەكانی هەرێم و عیراق وەک یەک مامەڵەی لەگەڵ بكرێت
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مامەڵەی هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی كۆمەڵایەتی، لە هەرێم بە هەمان شێوەی دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەقی بڕگەی دووەمی لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بڵاوكردووەتەوە، كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەبێت لەلایەن هەموو دەسەڵاتەكانەوە جێبەجێ بكرێت و نابێت هیچ یاسا و بڕیار و نووسراوێك پێچەوانەی ئەوە دەربچێت.
لە بڕیارەكەی دادگادا هاتووە، پتەوكردنی دادپەروەریی وا دەخوازێت یەكسانی بەرپا بكرێت لە نێوان ئەندامانی كۆمەڵگە لە سەرجەم ماف و ئەركەكاندا، ماددەی 14 لە دەستوری كۆماری عیراق ساڵی 2005 حوكمی داوە بە بەرجەستەكردنی یەكسانی لە نێوان عیراقییەكان بەبێ جیاوازی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەریی لە نێوان هەموو هاووڵاتییان بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە مووچەی هەرێم بە جۆرێك دەبێت حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ جێبەجێكردن و لابردنی بەربەست و بیانووەكان كە ببێتە هۆی ڕێگریی لە خەرجكردنی موچە یان دواكەوتنی.