بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە پێنجوێن حەوت کرێکار بریندار بوون
هەساو ئەمیر
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
قائیمقامی پێنجوێن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆى تەقینەوەى مینەوە حەوت کرێکار لە سنووری گوندی کێلوو بریندار بوون.
هێمن ئیبراهیم قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە گوندی کێلووی پێنجوێن حەوت کەس برینداربوون، کە سەرجەمیان پیشەیان کرێکارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کرێکارانە لەکاتی کارکردندا بوون و دەستکاری مینەکەیان کردووە، بەوهۆیەوە پیایاندا تەقیوەتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، کرێکارەکان راستەوخۆ رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە، دووانیان بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گواستراونەتەوە.
مین و چەندین جۆری دیکەی تەقەمەنی، پاشماوەی جەنگی نێوان عیراق و ئێرانن کە نزیکەی چوار دەیە پێش ئێستا و لە سەردەمی رێژێمی پێشووی عیراقدا لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەبوو. کە وەک بەشێک لە پلانی سەربازییان حکومەتی ئەوکاتی عیراق ناوچە سنوورییەکانی مینڕێژ کردبوو، ئەگەرچی زیاتر لە 30 ساڵ بەسەر رووخانی ئەو رژێمەشدا تێپەڕیوە و بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لە پاشماوەکانی جەنگ پاککراوەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی ناوچەکان مین و تقەمەنیان لێماوە و زۆر جار روودەدات بە هاووڵاتیاندا دەتەقێتەوە و رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.