باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سوریا کرایەوە
رەوەز
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆکی نوێی سوریا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبونەوەیان ئەنجامدا و چەندین پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتن یان تاوتوێکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە دیمەشق باڵیۆزی ئەمەریکا لە دیمەشق بە رەسمی کرایەوە.
دواتر باراک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبووەو دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەزوترین کات رایدەگەیەنێت کە سوریا دەوڵەتێکە پشتیوانی لە تیرۆر ناکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا لەناوبردنی تیرۆرە، هاوکات کاریش دەکەن بۆ هاندانی وەبەرهێنان و بازرگانی لەو وڵاتە بە مەبەستی دەربازبون لە لێکەوتەکانی سزا ئابورییەکانی سەری کە بەم دواییە ترەمپ لەسەر ئەو وڵاتەی هەڵگرت.
سەردانەکەی تۆم باراک یەکەمین سەردانێتی بۆ سوریا لە دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ کە لە سعودیەدا رایگەیاندبوو.
پێشتر تۆم باراک رۆژی هەینی 23ـی مانگی مایس 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: "هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە، دەبێتە هۆی تێکشکاندنی رێکخراوی داعش بەتایبەتی لەو وڵاتە."
باراک ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق، دەرفەتێکە بۆ ئایندەی گەلی سوریا. هەروەها بە پێویستیشی زانیوە دیدگای ترەمپ بۆ سووریا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.