هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی، لە قەزای دەربەندیخان چوار کەسیان بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە چەک و تەقەمەنیەوە دەستگیرکرد.

سلێمان محمد، قائیمقامی دەربەندیخان بە کوردسات نیوزی راگەیاند کە ئەمڕۆ هێزەکانی بنکەی پۆلیسی بەڵگە و تاوانی دەربەندیخان لە گەڕەکی خێڵان چوار کەسیان دەستگیرکردوە کە تەقەمەنیان لە جۆری تی ئێن تی و رومانە و بۆمب پێبووە.

قایمقامی دەربەندیخان رونی کردەوە کە "پێشتر کەسێک بە گومانی ئەم کارە دەستگیرکرابوو، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە سێ کەسی تری لەگەڵدا تێوەگلاون."

پۆلیس بە بڕیاری دادگا هەر چوار کەسەکەی دەستگیرکردووە

سلێمان محمد ئەوەی پشتڕاست نەکردەوە کە ئایا ئەم کەسانە گرووپی تیرۆرن یان تەنها کڕین و فرۆشتنیان بە ئەم مادانەوە کردووە.

قایمقامی دەربەندیخان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "پۆلیس لە کەیسەکە زیاتر دەکۆڵێتەوە و پەڕاوی بۆ کراوەتەوە."