مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان شکست بهێنێت، پلانی جێگرەوەیان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەیە.

پزیشکیان وتی: "ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا شکست بهێنن و ئەمریکا سزاکانی سەریان توند بکاتەوە، ئەوا تاران پلانی جێگرەوەی هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، هەروەها سەدان رێگاش بۆ خۆراگری و تێپەڕاندنی گەمارۆ و کێشەکان دەدۆزنەوە."

لێدوانەکەی سەرۆکی کۆماری ئێران لەدوای ئەو لێدوانەی ترەمپ هات کە رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا هەواڵێکی باش یاخود خراپ لەبارەی ئێران رادەگەیەنێت، وتیشی ئەمریکا ئاسودەیە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ تاران.

لە 12ـی مانگی چوارەوەوە واشنتۆن و تاران بە نێوەندگیری عومان پێنج گەڕی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجام داوە. گەرچی تا ئێستا شاندی هەردوو وڵات بە ئەرێنی وەسفی دانوستانەکانیان دەکەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێکی گشتگیر.