وەزارەتی نەوتی عیراق پێشوازی مەرجداری بۆ رێككەوتنەكەی وزەی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان دووپاتكردەوە.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، پێشوازی لە هەر رێككەوتنێك دەكەن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكان بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازیەكان، وتیشی ئەوان هیچ تبینیەكیان لەسەر رێكەوتنەكەی هەرێمی كوردستان كە بەهاكەی 110 ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكان نییە، بەڵام نەگەڕانەوەی هەرێم بۆ بەغداد و ئەنجامدانی ئەو رێككەوتن بە بێ ئەوان نادەستوریە.

وەزارەتی نەوت راشیگەیاندوە، گرێبەستەكانیان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كەرتی نەوت بەردەوامن و هیچ ناڕەزایەتی و رەخنەیەكیان لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان نییە.

لەدوای بڵاوبونەوەی ئەو گرێبەستانەی نێوان هەرێم و ئەمریكا لە بواری وزە، زنجیرەیەك لێدوانی كورد-ئەمریكی بڵاوبوونەتەوە كە بەرگری لە گرێبەستەكان دەكەن و رەخنەیان لە رەتكردنەوەی عیراق گرتووە، رایانگەیاندووە ئەو گرێبەستەكان سوودی بۆ عیراقیش دەبێت، نەك تەنها بۆ كوردستان، بەڵام بەغداد بە پێچەوانەی ئەوان بە جۆرێكی دیكە وێنا بۆ ئەو گرێبەستانە دەكات و بە فشار دەیبێنت كە پێویستی قبوڵكردنی گرێبەستی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كوردستان  بكات وەك بەدیلێك بۆ غازی ئێرانی.