وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند کە پێنجەمین گەڕی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی 23ـی مانگ لە ڕۆما، پایتەختی ئیتاڵیا، بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "گەڕی پێنجەمی دانوستانی ئێران و ئەمریکا لە رۆما رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت."

تاکو ئێستا هیچ کام لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا بە رەسمی پشتڕاستی ئەم هەواڵەیان نەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عومان وەک نێوەندگیر رۆڵێکی گرنگی لەم دانوستانانەدا دەبینێت.

ئەم خولەی دانوستانەکان لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەردولا بەردەوامن لە لێدوانی دژ بە یەک و هاوکات، لە ئاستی باڵای ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رۆژی سێشەممە، گومانی خۆی دەربڕی لەوەی کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ئەنجام.