لە راپۆرتێکی نوێدا، نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای بەسرە ئاشکرای کردووە کە رێژەی هەژاریی لەم پارێزگایە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو زیادبوون چووە، بەجۆرێک کە زیاتر لە 40%ـی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بێبەشن.

مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیای ناوخۆی عیراق رایگەیاند: "پێویستە لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەسرە، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی کە هێشتا نەگەیشتوونەتە دەسەڵات، ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنێن و سەرنجی زیاتر بخەنە سەر دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان".

تەمیمی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "داتا و ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە زیاتر لە 40%ـی دانیشتوانی بەسرە هێشتا شوێنی نیشتەجێبوونی شایستە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان نییە، هەروەها بەگوێرەی پێوەری وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بۆ پێناسەی هەژاری، رێژەی هەژاریی لە پارێزگاکەدا لە 40% زیاترە. ئەم ژمارانە رەنگدانەوەی قەیرانێکی ئابووریی ڕاستەقینەن کە پێویستی بە چارەکردنی بەپەلە هەیە".

بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە هەروەها ئاماژەی بە کێشەی ژینگەیی لە پارێزگاکەدا کرد و گوتی: "بەسرە بەدەست پیسبوونی ئاو و خاک و هەواوە گیرۆدەیە، کە مەترسییەکەی لە هەندێک ناوچەدا دەگاتە سەرووی 50%. ئەمەش مەترسی راستەوخۆی بۆ سەر تەندروستیی گشتی هەیە".

شایانی باسە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی بەسرە بە 3.5 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، کە 9%ـی کۆی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم پارێزگایە دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و چەندین بەندەری بازرگانی گرنگی تێدایە، بەڵام رێژەی بێکاریی و هەژاریی تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزە. هەروەها ئەم پارێزگایە لە رێژەی بێکارییدا لە پلەی چوارەم دێت لە دوای پارێزگاکانی نەینەوا، موسەننا و زیقار بە ڕێژەی 21.8%.