عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی سەردانیدا بۆ پێشانگای کتێبی تاران، لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە دانوستانە بەردەوامەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا رایگەیاند؛ کە وڵاتەکەی رونکردنەوە دەدات لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی، بەڵام پاشگەز نابێتەوە لە بەرهەم هێنانی.

عراقچی لە لێدوانەکەیدا رایگەیاند: "ئەوەی لایەنەکانی دانوستان دەیڵێن، مەرج نییە هەمان ئەو شتە بێت کە لەسەر مێزی دانوستان دەیڵێن". ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە تەنیشت دانوستانەکان، جەنگێکی راگەیاندنیش بوونی هەیە و هەر لایەنێک هەوڵدەدات ئەم جەنگە بە قازانجی خۆی بباتە پێشەوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا وتی: "لەبارەی دانوستانەکانەوە، ئێمە لە ئەمریکاوە زۆر هەڵوێستی دژبەیەک دەبیستین". لەم بارەیەوە وتی: "ئایا ئەمە لە ئەنجامی نەبوونی سەرنجی واشنتۆنە، یان ئەمە شێوازی دانوستانی ئەوانە؟ من لەم بارەیەوە شیکردنەوەم هەیە، بەڵام نامەوێت لێرە باسی بکەم".

عراقچی جەختی لەوە کردەوە کە "شێوازی دانوستانەکانی ئێمە بریتییە لە پابەندبوون بە بنەماکان و هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆمان کە هەم لە راگەیاندنەکان و هەم لەسەر مێزی دانوستان رامانگەیاندووە".

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: "پارێزگاریکردن لە مافەکانی گەلی ئێران لە بواری وزەی ئەتۆمیدا، بە پیتاندنیشەوە، بەشێکە لە بنەماکان و هەڵوێستەکانی ئێمە و لەم مافە پاشگەز نابینەوە". ناوبراو بەوە کۆتایی بەقسەکانی هێنا: "سەبارەت بە دۆسێی ئەتۆمی، ئێمە متمانەسازی و ڕوونکردنەوە دەدەین، بەڵام دەستبەرداری پیتاندن نابین".

جێی باسە، ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدا دێن کە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە قۆناغێکی هەستیاردان و راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئیدارەی ترەمپ پێشنیازێکی نووسراوی نوێی سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەشی ئێران کردووە.