سلێمانی میوانداری کۆڕبەندێکی جیهانی دەکات
١٥ی ئایاری ٢٠٢٥
بەچاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و بەسەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، ڕۆژانی ١٨ و ١٩ ئایار، کۆڕبەندی دێڵفی - سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
کۆڕبەندی ئابوری دێڵفی, کۆڕبەندێکی ستراتیژییە بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی و گەشەپێدانی هەرێمایەتی، کەتێیدا تاوتوێی بوارەکانی ئاسایش، وزەی بەردەوام، هەمەچەشنیی ئابوری و دواپێشهاتەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان.
کۆڕبەندی دێلفی – سلێمانی، دەستپێشخەرییەکی نوێیە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت، کە یەکەمجارە لەشاری سلێمانی دەبەسترێت.
لەکۆڕبەندەکەدا چەندین کەسایەتی عێراق و یۆنان و جیهان و گەورە بازرگانان و خاوەن سەرمایەکانی جیهان بەشداردەبن بۆ داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی بازرگانی و هێنانەکایەی هەماهەنگی لە ناوچەکەدا.
کۆڕبەندەکە بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی سکرتاریەتی گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دێسکی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان و ئاژانسی یۆنانی (ئیتەرپرایس گریس)، بەڕێوەدەچێت.
کۆڕبەندی دێلفی – سلێمانی دەبێتە سەکۆیەکی نێودەوڵەتی پێشەنگ بۆ داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی بازرگانی و هاوکاری لە ناوچەی فراوانتردا و سلێمانیش پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ساتێکدا کە هەماهەنگیی جیهانی لە هەموو کاتێک پێویستترە.