دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ یەمەن هێرشیکردە سەر فڕۆکەخانەی بن گوریۆنی ئیسرائیل، لە ئێستادا ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتیانی یەمەن دەکات، بەندەرەکانی رەئس عیسا، حەدیدە و سەلیف چۆڵ بکەن.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' داوای لە هاووڵاتیانی یەمەن کرد، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، تاوەکو کاتێکی نادیار بەندەرەکانی رەئس عیسا، حەدیدە و سەلیف چۆڵ بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەندەرانە لەلایەن حوسییەکانی سەر بە ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن.

ئەمەش دوای ئەوە هات، کە پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، یەمەن لەرێگای موشەکی بالیستییەوە هێرشیکردووەتە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن و چەند شوێنێکی دیکە.

دوابەدوای ئەوەش، یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، بەرپرسیارێتی حوسییەکانی لە هێرشەکە راگەیاند.