فەرشی مۆر یان سور یەکێکە لە دیارترین هێماکانی پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی و پێشوازیکردن لە سەرۆک و کەسایەتییە گرنگەکان لە سەرتاسەری جیهاندا. داخستنی ئەم فەرشە بۆ پێشوازیکردن لە میوانە پایەبەرزەکان چەندین مانا و دەلالەتی هەیە لە کلتووری پرۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتیدا.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە سعودیە، لە کاتی گەیشتنیشیدا فەرشی مۆر یاخود بنەوشەی بۆ راخرابوو، ئەمەش لە بری بەکارهێنانی فەرشی سور، کە لەبەشێکی زۆر لە ولاتانی جیهان لە بۆنە رەسمییەکاندا فەرشی سور بەکاردەهێنرێت.
لە ساڵی 2020وە سعودیە بە رەسمی فەرشی مۆر بە کار دەهێنێت ئەمەش بووە بە کولتووری ناوچەکە، کە مانای رێز و خۆشەویستی و هەروەها بەخشندەییە، یاخود بە هێزکردنی پەیوەندییەکانە لە نێوان وڵاتانی دیکەدا ،لە هەمان کاتدا ئەم رەنگە نزیکە لە رەنگی سروشت و بیابانی ناوچەکە.
مانا و گرنگی فەرشی مۆر:
رێزلێنان و پێشوازی فەرمی: داخستنی فەرشی مۆر نیشانەیەکی نەریتییە بۆ رێزگرتن لە پایەی بەرزی میوانەکە و نیشاندانی گرنگییەکی تایبەتە بە سەردانەکەی.
ئاستی پەیوەندییەکان: جۆری فەرش و درێژییەکەی ئاماژەیە بۆ ئاستی پەیوەندییەکان و گرنگی میوانەکە. هەندێک جار درێژی و پانی فەرشەکە بەپێی پرۆتۆکۆڵێکی تایبەت دیاری دەکرێت، کە تیایدا بایەخ بە زۆر لە وردەکاری دەدرێت.
هێمای رێککەوتن: لە هەندێک دۆخدا، داخستنی فەرشی مۆر ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە وڵاتەکان ئامادەن بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن.
نەبوونی فەرشی مۆر چی دەگەیەنێت:
پەیامی دیپلۆماسی: دانەخستنی فەرشی مۆر بۆ سەرۆکێک یان میوانێکی پایەبەرز لەوانەیە پەیامێکی دیپلۆماسی بێت کە لە رێگەیەوە ئاماژە بە ناڕەزایی یان ئاڵۆزی پەیوەندییەکان بکات.
ئاڵۆزییە سیاسییەکان: لە هەندێک دۆخی سیاسی ئاڵۆزدا، بۆ گەیاندنی پەیامێکی رونن بە لایەنی بەرانبەر، دەکرێت وڵاتی پێشوازی کەر بڕیار بدات فەرشی مۆر دانەخات بۆ میوانەکەی.