عەلی جەمال قەدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند کە ئەمشەو لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار، منداڵێکی شەش ساڵان بە ناوی (لانۆ سروود سەعدون) بە دەمانچە کوژراوە و تەرمەکەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار.

بەپێی قسەی باوکی منداڵە کوژراوەکە، کاتێک کوڕەکەی لە کۆڵان یاری کردووە، ئاگادار کراوەتەوە کە گوللەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستبەجێ پۆلیس چووەتە شوێنی روداوەکە. دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، دەرکەوتووە منداڵێکی 10 ساڵان دەمانچەکەی باوکی، کە کارمەندی هێزە ئەمنیەکانە، لەگەڵ خۆی بردووەتە کۆڵان و گوللەیەکی بەو منداڵەوە ناوە و کوشتوویەتی.

بەپێی بڕیاری دادوەر، منداڵەکە و باوکی منداڵی تاوانبار، بەپێی ماددەی (405) دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە.