سەركەوتنی دانوستانەكانی ئەمریكا و چین نرخی نەوتی بەرزكردەوە
١٢ی ئایاری ٢٠٢٥
بەهۆی پێشكەوتنی دانوستانە بازرگانییەكانی ئەمریكا و چین، نرخی نەوت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێك نەوتی خاو لەسەروو 64 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.
لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بەرزبووەوە و نرخی یەك بەرمیل گەیشتە 64 دۆلار و 23 سەنت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی تەكساسیش گەیشتە 61 دۆلار و 37 سەنت.
لە لایەكی تریشەوە، نرخی زێڕ 1.1% دابەزی و هەر ئۆنسێك گەیشتە سێ هەزار و 278 دۆلار.
چاودێرانیش پێیان وایە، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا بەرەوپێشچوونی كۆبوونەوەكانی نێوان و چین و ئەمریكایە.
ئەمریكا و چین رۆژی یەكشەممە بە شێوەیەكی ئەرێنی كۆتاییان بە دانوستانە بازرگانییەكان هێنا، لێپرسراوانی ئەمریكاش باسیان لە رێككەوتن كرد بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنانی بازرگانی وڵاتەكەیان، لێپرسراوانی چینیش دەڵێن، هەردوولا گەیشتوونەتە كۆدەنگییەكی گرنگ.