فەرمانی پێدانی زەوی بۆ زیاتر لە نـۆ هەزار ئەفسەر و پلەداری پێشمەرگە دەرچوو
رەوەز
١٠ی ئایاری ٢٠٢٥
حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی بۆ پێدانی زەوی بە نۆ هەزار و 579 ئەفسەر و پلەداری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای گەڕانەوەی وەجبەی یەکەمی پێدانی زەوی، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێدانی زەوی بە نزیکەی 10 هەزار ئەفسەر و پلەداری سەر بە لیوا و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سوودمەندبووان بەم شێوەیەن: 131 کەس لە ئومرەی ب. ئیدارەی ئەفسەران، 708 کەس لە لیوای 2ـی پیادە، 1400 کەس لە لیوای 4ـی پیادە، 1672 کەس لە لیوای 7ـی پیادە، 1617 کەس لە لیوای 11ـی پیادە، 1622 کەس لە لیوای 12ـی پیادە، 1019 کەس لە لیوای 17ـی پیادە و 1410 کەس لە لیوای 18 پیادە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت و داوا لە هەموو هێز و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین پەلە بکەن لە رێکخستن و بە داتاکردنی فۆرمەکانیان و بە رێک و پێکی بیاننێرن بۆ لیژنەی زەوی وەزارەتمان".
هەروەها داوای لە یەکەکانی پێشمەرگە کردووە هاوکار بن لە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی بۆیان نێردراوە "بۆ ئەوەی زۆرترین پێشمەرگە سوودمەند بێت لەم پرۆسەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان".