د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەندیکای وردبین و ژمێریارانی عێراقی بەسەرۆکایەتی جەواد غانم ئەلشهێلی سەرۆکی سەندیکا.

لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە د.ئەلشهێلی کرد بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی سەندیکا بۆ خولێکی نوێ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا.

هەروەها باس لە کار و ئامرازەکانی سەندیکا بۆ ڕێکخستن و پەرەپێدانی پیشەی وردبین و ژمێریاران کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لەڕۆڵی گرنگی سەندیکا کردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و پەرەپێدانی ڕۆڵی چاودێری لەهەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئاماژەی بە پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای وردبین و ژمێریاران و پاراستنی مافەکانیان کرد.

سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر گرنگی کاری وردبین و ژمێریاران لە پاراستن و پێشخستنی ئابوری نیشتمانیدا، هاوکات جەختیشی لەپێویستی گرتنەبەری شێوازی ژمێریاری ورد و زانستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕۆتین کردەوە.

لەلای خۆیەوە ئەلشهێلی و وەفدی یاوەری سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بەئامانجی بەرزکردنەوەی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئاماژەشیان بەوەدا کە سەندیکا هەنگاوی بەرچاوی ناوە لەبواری ژمێریاری و وردبینی بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی .