لە رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی دوو هەزار گژوگیا و رووەك هەیە و تەنها 150 جۆریان وەك خواردن سودیان لێوەردەگیرێت و ئەوانی دیكەیان بۆ دەرمان و چارەسەر بەكاردەهێنرێن، کە لێكردنە و بەقاچاخبرنی گژوگیا بەهارییەکان زیانی بە رووەكەكانی كوردستان گەیاندووە.

بەهزاد شەریفی پور بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەكانی پارێزگای سنە رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی شێوازی خراپ هەڵكەندن و لێكردنەوەی گژوگیا كوێستانییەكان زیانی زۆری لێكەوتەوە، هاوكات بەشێكی بەرچاویش لەو گیا بەهاری و رووەكییانە بە قاچاخ دەبرێن.

وتیشی: لە وەرزی بەهار لە زۆربەی ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان چەند جۆرێكی گژوگیا بە مەبەستی خواردن لێدەكرێنەوە و بەشێكی بەرچاویشی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەوەش وای كردووە خەڵكێكی زۆر رو لە كوێستانەكان بكەن بۆ لێكردنەوەی ئەو گژوگیا بەهارییانە.

بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەكانی پارێزگای سنە هۆشدارییشی دا، ئەگەر شێوازی بەكارهێنان و هەڵكەندنی گیا بەهارییەكان چارەسەر نەكرێت، زیانی گەورە بە ژینگەی ئەو ناوچەیە دەگات و ئەگەری هەیە هەندێك رووەكیش بە تەواوەتی لەناو بچێت.