لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا، دزێک جوتێک گوارەی دزیوە کە نرخەکەی 770 هەزار دۆلار بووە، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبیت گوارەکانی قوت داوە، بەڵام لەکۆتاییدا هەر دەستگیر کراوە.

رووداوەکە لە ئۆرۆلاندۆی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا روویداوە، دزەکە جوتێک گوارەی لە مارکەی "تیفانی ئاند کۆ" بردووە و بۆئەوەی ئاشکرا نەبێت قوتی داوە.

لەو بارەیەوە پۆلیسی فلۆریدا ئەوەی خستووەتە روو، دزەکە تەمەنی 32 ساڵە و رووداوەکە لە 26ی مانگی رابردوودا روویداوە، گوارەکانیش ئەڵماسیان تێدا بەکار هاتووە. دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی پزیشکی ئنجا بۆیان دەرکەوتووە گوارەکانی قوتداوە، کە وێنەی تیشکی بۆ گیراوە گوارەکان لە گەدەیدا دۆزراونەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی دوای دانپێدانانەکەی ئەو کەسەی گوارەکەی دزیوە وتوویەتی، "پەشیمانم لەوەی گوارەکانم قوت داوە، دەبوو فڕێم بدایە"، پۆلیسیش دەڵێت، بەهۆی قوتدانی گوارەکانەوە تۆمەتبار کراوە بە 'دزیکردنی بە مەبەست'.

پۆلیسی فلۆریدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو کەسە پێشینەی دوورودرێژی تاوانی هەیە و پێشتریش لە هەمان کۆمپانیای "تیفانی ئاند کۆ" لە تەکساس دزی کردووە، جگە لەوەی 48 فەرمانی دەستگیرکردنی لە کۆلۆرادۆ هەیە.