میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دانوستانی راستەوخۆ و تایبەت لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانیانی ئەمریکی و گەیشتن بە رێککەوتنێکی فراوانتر بۆ ئاگربەست ئەنجام دەدات.

بەپێی ئەوەی کە ئاکسیۆس لە سەرچاوەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، “کۆبوونەوە لە نێوان ئادەم بێلەر، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری زیندانییەکان و نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە بەڕێوەچووە.”

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە دوای ئەوەی کە ئەمریکا لە ساڵی 1997ەوە حەماسی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، ئیتر بەهیچ جۆرێک گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ نەکردووە و ئەمە دەبێتە یەکەم گفتوگۆی راستەوخۆ. 

هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا بە ئاراستەی ئازادکردنی زیندانیانی دەستبەسەرکراو لە کەرتی غەززە و بەدیهێنانی ئاگربەستێکی درێژخایەن لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدایە. بەڵام تا ئێستا ئەمریکا و حەماس نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.

سەرچاوەکانی ئاکسیۆس رایانگەیاندووە کە بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە دۆحە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست. بەڵام ئەو سەفەرە ئێوارەی 4ی ئازار هەڵوەشایەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پێشکەوتن لە دانوستانەکان لەگەڵ حەماس.

لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری میسر و قەتەر و ئەمریکا گەیشتنە ەێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و لە 19ی هەمان مانگەوە، رێکەوتنەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە 1ـی ئازار کۆتایی هات و لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکەشدا ژمارەیەک زیندانی ئیسرائیلی و تەرمی کوژراوەکان گەرێندرانەوە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل زیاتر لە یەک هەزار و 500 بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکان ئازاد کرد کە هەندێکیان لە دەرەوەی خاکی فەلەستین دیپۆرتکرانەوە.

لە 2ـی ئازاردا ئیسرائیل پێدانی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ غەززە راگرت و سەرجەم خاڵەکانی پشکنینی داخست بەهۆی رەتکردنەوەی حەماس بۆ قبوڵکردنی پلانی ویتکۆف بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە.