ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەی هەفتەی رابردوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "بەو شێوەیەی کە بڕیار بوو نەڕۆیشت و هەڵچوون رویدا"، ئاماژەی بەوەشدا کە ئۆکراین ئامادەیە بۆ دانوستان.

زیلینسکی ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: “دەمەوێت پابەندبوونی ئۆکراین بە ئاشتی دووپات بکەمەوە، هیچ کام لە ئێمە شەڕێکی بێکۆتاییمان ناوێت. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئۆکراین ئامادەیە لە زووترین کاتدا بێتە سەر مێزی دانوستان بۆ نزیککردنەوەی ئاشتی بەردەوام، هەروەها کەس لە ئۆکراینییەکان زیاتر ئاشتی ناوێت. 

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی راشیگەیاند؛ من و تیمەکەم ئامادەین لە ژێر سەرکردایەتی بەهێزی سەرۆک ترەمپ کار بکەین بۆ ئەوەی ئاشتییەک بەدەست بهێنین کە بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکەمان لە واشنتۆن، لە کۆشکی سپی، بەو شێوەیە نەڕۆیشت کە بڕیار بوو، بەداخەوە کە بەم شێوەیە رویدا، کاتی ئەوە هاتووە شتەکان راست بکەینەوە، ئێمە پێمان خۆشە هاوکاری و پەیوەندییەکانی داهاتوو بنیاتنەر بن.

سەرۆکی ئۆکراین ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی ئامادەیە گرێبەستێک لەسەر کانزاکانی ئۆکراین ئیمزا بکات.

ئەو چوارچێوەیەی کە زێلێنسکی بۆ رێککەوتنی ئاشتی دایناوە، هاوشێوەی ئەو پلانەیە کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە لوتکەی سەرکردەکانی رۆژئاوا رۆژی یەکشەممە پێشنیاری کرد.