كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، بڕیارەكەی ترەمپ بۆ هەڵپەساردنی هاوكارییە سەربازییەكان بۆ ئۆكراین كاتییە و ئەو هاوكارییانە دەگرێتەوە كە لە سەردەمی جۆ بایدن سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رەوانەی ئۆكراین دەكران، بەوانەشەوە كە تا ئێستا بە دەستی كیێڤ نەگەیشتووە. 

ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات كە ترەمپ جارێكی دیكە رەخنەی ئاڕاستەی ڤۆلۆدمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین كردەوە و وتی، دەبێت پێزانینی زیاتری بۆ ئەمریكا هەبێت. 

جەختیشی كردەوە لەوەی، ئەمریكا ئاشتی دەوێت و دەبێت هاوپەیمانەكانیان پابەندی ئەو ئامانجە بن. وتیشی، زیلینسكی ئاشتی ناوێت و ئەمریكا بۆ ماوەیەكی درێژ بەرگەی ناگرێت.

هاوكات بڕیارەكەی ترەمپ سەبارەت بە ئۆكراین نرخی نەوتی لە بازاڕەكانی جیهاندا 54 سەنت دابەزاند و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 71.08 دۆلار.